|
ناحیەی بیارە لەروی پەروەردەیی و
خوێندنەوە بەرەو دواوە رۆشتوە لە
چاو ساڵانی(1970) لەو سنورە
ئامادەکردنی: عەبدوڵا
گۆران
ئەو گۆرانکاریانەی لە دوای
ڕاپەرینەوە لە رووی ئاوەدان
کردنەوە لە کوردستاندا کراون تا
ئاستێک لە هەندێ ناوچەدا گۆران
کراوە، بە تایبەت ئەو ناوچانەی
کەخاوەنی بەرپرسن نەک ئەو
ناوچانەی زیاتر زیانیان بەر
کەوتبێ، چونکە لەدەستەڵاتی سیاسی
کوردستاندا لەسەرەتاوە تاوەکو
ئێستا کار بە شێوەی عادیلانەو
دادپەروەرانە نەکراوە، بەڵکو
لەسەر بنەمای خزمایەتی و حزبایەتی
کار بۆ ناوچەو کەسەکان کراوە،
هەورامان یەکێکە لەو ناوچانەی
کەمترین خزمەتی بۆ کراوە لەرووی
پەروەردەییەوە، بە بەڵگەی ئەوەی
کە مەرکەزی ئیداری سنوری
هەورامان بیارەیە ،
لەساڵەکانی(1970) لە ڕووی
پەروەردەی ئیداریەوە بە هێزبوە،
مەرکەزی خوێندنی ئیسلامی بوە لە
خانەقای شێخانی نەقشبەندیدا، لە
هەموو پارچەکانی کوردستانەوە
خەڵکی رویان تێ کردوە بۆ خوێندنی
مەلایەتی ئەو زەمەنە زۆر بەهێزتر
بوە تاوەکو ساڵی (2009)، ئایا ئەم
گەرانە دواوەی ئەم ناحیەیە بۆ ئەو
سەردەمە چی دەگەیەنێ؟
لە بارەی قوتابخانەکانی سەرەتایی
ئەو ناحیەوە مامۆستایەکی
قوتابخانەی سەرەتایی بیارە ووتی:"
یەکەم جار قوتابخانە لەم ناحیەیەی
ئێمە ساڵی (34 19 ) کراوەتەوە،
یەکەم بەرێوەبەری مامۆستایەک بوە
خەڵکی خانەقین بوە بەناوی (م.عەبدوڵا
سەبری) دواتر قوتابخانەی تر
کراونەتەوە، لە ساڵەکانی (1970)
دا چوار بینای قوتابخانەمان هەبوە،
کە چوار قوتابخانەشمان هەبوو
دووانی سەرەتایی ناوەندیەک و
ئامادەیەکی تێکەڵاو، بەڵام ئێستا
چوار قوتابخانەی هەیە، بەڵام
تەنها دوو بینامان هەیە، نازانم
بڵێم حکومەتی کوردی حکومەتی برۆ
دواوەیە بۆ ئێمە، چونکە لەسەر
دەمە کۆنەکاندا لەم سنورەی ئێمە
تەنانەت قوتابخانەی کچانیشمان
هەبوو، بەڵام ئێستا بینامان بۆ
تێکەڵاویش نیە، لە ساڵی ( 70 19)
دا باخچەی ساوایانمان هەبوو،
بەڵام ئێستا خواخوامانە ناوەندی و
ئامادەیەکانمان دانەخرێن، ئەو کات
زۆر شتمان هەبوو، بەڵام لەسەر
دەمی دەستەڵاتی کوردی لێمان
سەنرایەوە، بەهۆی ئەو سیاسەتە
هەڵەیەی کە کاری لەسەر دەکەن،
ئێستا بینای سەرەتایەکەمان شەش
ژووری هەیە حکومەت دەیەوێت بیکات
بە بنەرەتی لەسەر سیستەمی نوێ، کە
نۆ ژووری پێویستە، دەبێت لەسەر
بان یان حەوشەکە خەیمە بۆ
قوتابیەکان هەڵدەین، گەرنا
ژوورمان نیە لێی دابنیشن، نازانم
ئەم حکومەتەی ئێمە تاکەی دەیەوێت
بەم سەقەتیەکار بکات، دەیەوێت
لەسەر سیستەمی سوید کار بکات بەبێ
هیچ بلانێکی پێش وەخت." لە بارەی
فەرامۆشکردنی لایەنی پەروەردەیی
سنوری هەورامان هاوڵاتیەکی بە
ئەزمونی ئەو ناوچەیە
ووتی:"هەورامان لە زۆر رووەوە
پشتگوێ خراوە نەک تەنها لایەنی
پەروەردەیی ئەویش بەهۆی ئەو
نوێنەرە نا بەرپرسیارانەی کە لە
حکومەت و حزبدا هەینی، تەنها کار
بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان
دەکەن، نەک ناوچەکە، لە رووی
پەروەردەییەوە ئێمە لەسەر دەمی
خانەقاکاندا باشتر بوین تاوەکو
ئێستا، ئەو سەردەمە زانکۆ لە
ناوچەکەی ئێمە بوو، بەڵام ئێستە
نەک زانکۆ بەڵکو ناوەندی و
سەرەتایەکانیشمان بۆ ناکەنەوە،
چۆن سیقەمان هەبێ بەحکومەتێکی لەو
شێوەیە کە ئەوە کارەکانی سەردەمی
دەستەڵاتی بێ، ئەمە تەنها حکومەتی
کۆمەڵێ کەسی بەرژەوەندی خوازە
نەوەک حکومەتی خەڵک." خوێندکارێکی
پێنجەمی ئامادەیی لە بارەی
قوتابخانەکەیانەوە ووتی:"ئەم
بینای قوتابخانەیەمان لەلایەن
حکومەتەوە دروست نەکراوە بەڵکو
لەلایەن کەسێکی دەوڵەمەندی
ناوچەکەوە دروست کراوە بۆیە لەروی
هەندەسیەوە ناتەواوە، هەر رۆژێک
هەوربێ هیچ شتێک لە پۆلەکان
نابینین، ئەو پۆلانە زۆر ناخۆشن،
نازانم بەحکومەتێک بڵێم چی ماوەی
هەژدەساڵ نەتوانێ بینایەکی
قوتابخانە بۆ ناحیەیەک بکات، دەبێ
چ حکومەتێک بێ، حکومەتێک ئەوەندەی
دەوڵەمەندێکی لێ نەیە هیچی لێ
داوا ناکرێ." بەرێوەبەری ناحیەی
بیارە (نوخشە ناسح) ووتی:" لایەنی
پەروەردەیی لە بەرنامەو پلانی
مندا زۆر گرنکترە لە کارەکانی تر،
بۆیە لە بەرنامەی کارکردنی
ساڵی(2009) یەکەم پرۆژەمان
کردنەوەی قوتابخانەیەکی نمونەی
(12) پۆلیە چونکە ئێستا سیستەمی
خوێندن گۆراوە، کراوە بە بنەرەتی
کە لەگەڵ ئەو بینا کۆنانە ناگونجێ،
ئەو بینا کۆنانەی ناوچەکەمان بێ
کەڵکن هی سەردەمی سیستەمی کۆنن،
لەسەردانەکەی مام جەلالدا زیاتر
باسی لایەنی پەروەردەیمان کرد،
لەروی باخچەی ساوایانەوە بریارە
بۆ هاوینی ئەم ساڵ لە
ناحیەکەماندا بکرێتەوە."
|